پەیمانگەی گەشە
وتار

کارگێڕی، بزوێنەری سەرکەوتن!

ئارام نەخشین

گەشە میدیا 2026-03-24 08:10
کارگێڕی، بزوێنەری سەرکەوتن!

 

لە جیهانی پیشەیی ئەمڕۆماندا، هیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت بەبێ بوونی "کارگێڕی" بەردەوام بێت. کارگێڕی تەنیا ڕێسا و یاسای سەر کاغەز نییە، بەڵکو هونەری بەکارهێنانی سەرچاوەکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. ئەگەر دامەزراوە یان کۆمپانیا وەک جەستەیەک وێنا بکەین، کارگێڕی دەبێتە "مێشک"، کە فرمان بە ئەندامەکان دەدات و هەماهەنگی لەنێوانیاندا دروست دەکات.

کارگێڕی لە هەمان کاتدا هەم زانستە و هەم هونەر، زانستە چونکە پشت بە تیۆری ژمارە و داتا دەبەستێت، هونەریشە چونکە پێویستی بە لێهاتوویی کەسی، زیرەکی سۆزداری، و توانای مامەڵەکردن هەیە لەگەڵ جیاوازیییەکانی مرۆڤ. باشترین کارگێڕیش ئەو کارگێڕەیە یان ئەو کەسەیە کەوا بتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان "پەیڕەوکردنی یاساکان" و "نەرمی مرۆیی".

لە سەردەمی گۆڕانکارییە خێراکان و تەکنەلۆژیادا، کارگێڕی شێوازێکی نوێی وەرگرتووە. ئێستا باس لە "کارگێڕی زیرەک" دەکرێت کە تێیدا تەکنەلۆژیا و داتا بەکاردێن بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی بەرهەم.

دامەزراوە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە سیستەمێکی کارگێڕی وایان هەیە کە بەرگەی قەیرانەکان دەگرێت و دەتوانێت بە خێرایی لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکاندا خۆی بگونجێنێت.

کارگێڕی یەکێکە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی هەر دامەزراوەیەک، کە ڕێژەی سەرکەوتنی دامەزراوەکان بەندە بە ئاست و لێهاتوویی و ئەزموون و توانای تاکەکەسی بەڕێوەبەرەوە. هەر پڕۆژەیەک، جا ئەو پڕۆژەیە بچووک بێت یان گەورە، کارگێڕی دەبێتە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان "سەرکەوتن" و "شکست"، ئەگەر خاوەن عەقڵیەتێکی ژیری کارگێڕی نەبین، لە جەنجاڵی و بێسەروبەریدا ون دەبین و هەرەس دێنین.

قوتابخانە و کۆمەڵگە پەروەردەیییەکانیش وەک هەر دامەزراوە و کۆمپانیایەکی تر پێویستیان بە کارگێڕی باش هەیە، چونکە قوتابخانە و کۆمەڵگە پەروەردەیییەکان چیتر تەنیا شوێنی وانەگوتنەوە نین، بەڵکو دامەزراوەی ئاڵۆزن کە پێویستیان بە کارگێڕێکی ژیرانە هەیە. بەڵام ئەوەی کارگێڕی قوتابخانە و کۆمەڵگە پەروەردەیییەکان لە تەواوی کارگێڕی دامەزراوە و کۆمپانیاکان جیا دەکاتەوە ئەم دەستەواژەیەیە "کارگێڕی پەروەردەیی".

کارگێڕی پەروەردەیی (Educational Administration) ئەو بزوێنەرەیە کە جەستەی پەروەردە دەجووڵێنێت. ئەگەر مامۆستا دڵی پرۆسەکە بێت، ئەوا کارگێڕی "مێشک" و ڕێکخەری هەموو ئەندامەکانی تری دامەزراوەکەیە.

زۆر کەس وا تێدەگەن کەوا "کارگێڕی پەروەردەیی" تەنیا سزادان و دەرکردنی فەرمان و واژووکردنی نووسراو و پەڕاوەکانە، بەڵام لە ڕاستیدا کارگێڕی پەروەردەیی هونەری مامەڵەکردنە لەگەڵ "مرۆڤ". کارگێڕی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ژینگەیەکی پەروەردەیی و فێرکاری وا بخوڵقێنێت کەوا تێیدا مامۆستایان بە دڵسۆزییەوە داهێنان بکەن، و قوتابییانیش بە ئارامی و بێ ترس فێر ببن.

مەرج نییە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووی کۆمپانیایەک، بتوانێت ببێتە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو لە ناوەندێکی خوێندن، چونکە "کارگێری پەروەردەیی" کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە کە تەواو جیاوازە لە کارگێڕی کۆمپانیا و دامەزراوە ناپەروەردەیییەکان.

کارگێڕی پەروەردەیی ئاماژەیە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ناوەندەکانی خوێندن و سیستەمی پەروەردەیی، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەڕێوەبردنی مامۆستایان، کارمەندان، دارایی، قوتابییان، پڕۆگرامی خوێندن، و سەرجەم خزمەتگوزارییە پەروەردەیییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەیی و فێرکارییەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی تەواو پەروەردەیی و فێرکاری.

بە کورتی، ئەگەر "پەروەردە" مامۆستا و قوتابی بێت، ئەوا "کارگێڕی" ئەو بزوێنەرەیە کەوا دەکات ئەم پرۆسەیە بە ڕێکوپێکی و بەبێ کێشە بڕوات.

بۆ ئەوەی کاریگەری کارگێڕییەکەت بەهێزتر بکەیت، پێویستت بە "سیستەمێکی هەڵسەنگاندنی بەردەوام" هەیە. کارگێڕی باش ئەوەیە کە پشت بە "داتا و ژمارە" دەبەستێت نەوەک "قسە و گومان".

پێویستە ئەمەش بگوترێت کارگێڕی پەروەردەیی پێویستی بە کەسێکە کەوا شارەزایی تەواوی لە  بنەماکانی پەروەردە و فەلسەفە پەروەردەییەکان و ئەو ئامانج و مەبەستانە هەبێت کەوا پەروەردە لەپێناویدا دروست بووە، هەروەها پێویستە شارەزایی تەواوی لە سیستەمی خوێندن و تەکنیکە نوێیەکانی وانەگوتنەوە و دەروونزانی منداڵان و هەرزەکاراندا هەبێت.

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کارگێڕی سەرکەوتوو لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی (کەرتی تایبەت) ئەوەیە کەوا بەڕێوەبەر بتوانێت هاوسەنگی بکات لەنێوان چوار تەوەری گرنگ کە ئەوانیش بریتین لە:

1.    کوالێتی پەروەردەیی: چەمکێکی گشتگیرە و بریتییە لە ڕادەی سەرکەوتنی دامەزراوەیەک لە بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەیییەکان.

2.    کوالێتی زانستی: تەنیا لە هێنانی نمرەی بەرزی قوتابی کورت نابێتەوە، بەڵکو بریتییە لەو "زانیاری و کارامەیییانەی" کە پێشکەش بە قوتابی دەکرێن، هەروەها بریتییە لە پڕۆگرامی خوێندن و فێرکردنی قوتابی بە نوێترین تەکنیک و شێوازەکانی وانەگوتنەوە.

3.    پەرەپێدانی ستاف: لە ناوەندەکانی خوێندندا، تەنیا ئەنجامدانی سمینار و خول و ڕاهێنان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ بەرزکردنەوەی توانای مامۆستایان و کارمەندان، تا بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و ئامانجە ستراتیژییە پەروەردەیییەکاندا خۆبگونجێنن و بەرەوپێش بچن.

4.    سەقامگیری دارایی: بەڕێوەبردنی ژیرانەی داهات و خەرجییەکانە، چونکە بەبێ ژێرخانێکی دارایی بەهێز، پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن تووشی پەککەوتن دەبێت.

تەنیا بە ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان ئەو چوار تەوەرەی سەرەوە دەتوانین دامەزراوەیەکی جێگیر و سەرکەوتوو بنیاد بنێین بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی خاوەن بەها و ڕەوشتبەرز و زانستخواز.

بە پێویستی دەزانم لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە کۆڵەگە بنەڕەتییەکانی کارگێڕی دامەزراوە و کۆمپانیاکان بدەم، کە بۆ کارگێڕی پەروەردەیییش بە هەمان شێوە ئەو چوار کۆڵەگەیە بەکار دێت، کە بەیەکەوە زنجیرەیەکی تەواوکەر پێکدەهێنن:

1.    پلاندانان :(Planning)پێشبینیکردنی داهاتوو و دیاریکردنی ئامانجەکان. بەبێ پلان، دامەزراوەکان وەک کەشتییەک واین بێ قیبلەنما.

2.    ڕێکخستن :(Organizing)دابەشکردنی ئەرکەکان و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان. لێرەدا دەردەکەوێت کێ چی دەکات و کەی دەیکات.

3.    ئاڕاستەکردن :(Leading)ئەمە لایەنە مرۆیییەکەیە؛ هاندانی ستاف و دروستکردنی فەزای کارکردن کە تێیدا هەمووان هەست بە گرنگی خۆیان بکەن.

4.    چاودێریکردن :(Controlling)بەدواداچوون و چاودێریکردن و پێوانەکردنی ئەنجامەکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ پلانەکان. لێرەدا هەڵە و کەموکوڕییەکان دەستنیشان دەکرێن و چارەسەر دەکرێن.

هەر چوار کۆڵەگەکەی سەرەوە لە پەروەردە پەیوەستە بە کاتێکی دیاریکراو، هەموو کارێک یان  ئەرکێک پێویستە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بێ دواخستن و بێ کەموکوڕی، چونکە ئەو ئەرکەی کە پێویستە لە مانگی (دە)دا ئەنجام بدرێت، هەرگیز ناتوانی دوایبخەی بۆ مانگی (دوازدە) یان (یەک) لەبەر ئەوەی ئەرکە پەروەردەیییەکان پەیوەستن بە کات، بە کەمتەرخەمی و درەنگخستنیان هەرگیز قەرەبوو ناکرێنەوە.

ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو فێری کردین کە کارگێڕی کلاسیک چیتر بەس نییە. ئەمڕۆ پێویستمان بە "کارگێڕی زیرەک" هەیە؛ ئەو سیستەمەی کە دەتوانێت لە کاتی تەنگانەدا بە خێرایی لە خوێندنی ناو پۆلەوە بگۆڕێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین، و پەیوەندییەکی هەمیشەیی و شەفاف لەگەڵ دایباباندا دروست بکات.

سەرکەوتنی هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی بەندە بە ئاستی ئەو "سیسیتەمە کارگێڕییەی" کە پەیڕەوی دەکات. دایباب کاتێک دەبینێت قوتابخانە یان کۆمەڵگەکەت خاوەن "سیستەم"ە و هەموو شتێک بە پلان دەڕوات (بۆ نموونە بوونی پلانی جێگرەوە وەک خوێندنی ئۆنلاین یان ڕیکۆردکردنی وانەکان)، ئەوا دایباب متمانەی تەواوی بە دامەزراوەکەت دەبێت و دەبێتە باشترین ڕیکلامکار بۆت. گەورەترین خاڵی بەهێزی مارکێتینگیش ئەوەیە دایباب ڕیکلامت بۆ  بکات.

 

 

 

 

ئەم وتارە هاوبەش بکە

وتارە پەیوەندیدارەکان