قوتابیان و مامۆستایانی ناوەندی گەشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پڕۆسەی خوێندن لە نێو هۆڵەکانی خوێندن و ناو پۆلەکاندا کاریگەرتر و بەچێژترە، چونکە دەرفەتی زیاتری گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای زانستی فەراهەم دەکات.
دوای گەڕانەوەی قوتابیان بۆ ناو پۆلەکان، دەردەکەوێت کە کەشی خوێندنی ڕاستەوخۆ وزەیەکی تایبەتی بە پڕۆسەی پەروەردە بەخشیوە. قوتابیان ئاماژە بەوە دەکەن کە بینینی مامۆستاکانیان و هاوڕێکانیان لە نزیکەوە، هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بە پەرۆشییەوە گوێ لە وانەکان بگرن و بەشێوەیەکی کاراتر بەشداری لە چالاکییەکانی ناو پۆلدا بکەن.
لای خۆشیانەوە مامۆستایان دەڵێن، خوێندن لە ناو پۆلەکاندا ڕێگەیان پێدەدات بە شێوەیەکی باشتر چاودێری ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان بکەن و وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە. ئەم جۆرە لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ، ژینگەیەکی زانستیی زیندوو دروست دەکات کە تێیدا چێژ لە فێربوون وەردەگیرێت و ئاستی زانستیی قوتابیان بە شێوەیەکی خێراتر گەشە دەکات. ناوەندی گەشە هەمیشە هەوڵدەدات ئەم کەشە ئارام و پڕ لە زانستە بۆ قوتابیانی خۆشەویست دابین بکات.