ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی بەڕێز ئەندازیار (شاخەوان تەلعەت) سەرۆکی دامەزراوەی گەشە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی گەشە، کۆبوونەوەیەکی فراوان و باڵا لەگەڵ سەرجەم ستافی کارگێڕی و مامۆستایانی کۆمەڵگەی پەروەردەیی گەشە و ئامادەیی گەشە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە، تاوتوێکردنی وردی پلان و بەرنامەکانی دامەزراوەکە و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بوو، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی کارەکان بۆ باڵاترین پلە و دڵنیابوونەوە لە پێشکەشکردنی باشترین کوالێتی خوێندن و پەروەردە بە خوێندکاران.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز سەرۆکی دامەزراوەی گەشە جەختی لەسەر پێویستی پەرەپێدانی بەردەوامی پڕۆسەی فێربوون کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی سەرەکییان گەیشتنە بە بەرزترین ئاستی زانستی کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بگونجێت. هەروەها سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ستاف و مامۆستایان کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان لە سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردەدا.
شایەنی باسە، ئەم کۆبوونەوەیە وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژیی دامەزراوەی گەشە دادەنرێت بۆ چاودێریکردنی وردی کارەکان و جێبەجێکردنی نوێترین بەرنامە پەروەردەییەکان، بەو ئامانجەی کۆمەڵگەی گەشە هەمیشە وەک ناوەندێکی پێشەنگ لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە.