ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاگری پەیمانگە و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆریی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشدارییان لە میتینگێکی تایبەتی دەزگای دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشینی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی کوالێتی خوێندن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦\٠٤\٢٠٢٦، هەریەکە لە بەڕێزان ڕاگری پەیمانگە و بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری، بەشدارییان لە میتینگێکی فراوانی ئۆنلایندا کرد کە لەلایەن دەزگای دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێکخرابوو.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دواین ڕێنمایی و پێوەرەکانی دڵنیایی جۆری و پڕۆسەی متمانەبەخشین بە ناوەندەکانی خوێندن. لە میانی میتینگەکەدا، تیشک خرایە سەر گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پابەندبوون بەو ستانداردە ئەکادیمیانەی کە وەزارەت بۆ پەیمانگە و زانکۆکان دیاری کردوون، تاوەکو باشترین خزمەتگوزاری فێرکردن پێشکەش بە قوتابیان بکرێت.
ئەم بەشدارییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پەیمانگەی تەکنیکی گەشەدایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەت و جێبەجێکردنی سیستمە پێشکەوتووەکانی دڵنیایی جۆری بۆ مسۆگەرکردنی کوالێتییەکی بەرزی خوێندن لە ناوەندەکەدا.